مانگی سووری فەلەستینی رایگه یاند

۱۵۳ کەس لە پێکدادانی مزگەوتی ئەقسا برینداربوون

نزیکەی 400 کەس لەلایەن پۆلیسی ئیسرائیلەوە دەستگیرکران.

مه هاباد/بالویز/لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەرە فەلەستینییەکان و پۆلیسی ئیسرائیلی لە مزگەوتی ئەقسا، لانیکەم ۱۵۳ کەس برینداربوون. 

مانگی سووری فەلەستینی رایگه یاند:ئەوەش یەکەم جارە لە سەرەتای دەستپێکردنی مانگی رەمەزانەوە شەڕ و پێکدادانی لەو جۆرە رووبدات.

رۆژی هەینی ۱۵-۴-۲۰۲۲ پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، ژمارەیەک پیاو کە ماسکیان بەستبوو، چوونەتە نێو مزگەوتی ئەقسا و یاری ئاگرینیان تەقاندووەتەوە.

دواتر خۆپیشاندەران بە بەرد بەرەو هۆڵی رۆژئاوا چوون، ئەو شوێنەی کە جووەکان نوێژی تێدادەکەن، رووبەڕووی پۆلیس بوونەتەوە.

لە بەرامبەریشدا،پۆلیسی ئیسرائیل بە گوللـەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژەوە وەڵامی خۆپیشاندەرانی دایەوە.

هاوکات،رێکخراوی مانگی سووری فەلەستینی رایگەیاند،۱۵۳ کەس بەهۆی پێکدادانەکانەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون و ژمارەیەکیشیان هەر لە شوێنی رووداوەکە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

لای خۆشیەوە، پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، لانیکەم سێ پۆلیس بە سووکی بریندار بوون. لەلایەکی دیکەوە، یانەی گرتووانی فەلەستینی رایگەیاند، نزیکەی ۴۰۰ کەس لەلایەن پۆلیسی ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی ۱۵-۴-۲۰۲۲، هێزێكی سەربازی ئیسرائیلی هەڵیکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا کە تێیدا دەیان فەلەستینی شەوی پێنجشەممە لەوێ بوون بەمەبەستی بەشداریکردن لە نوێژی هەینی رۆژی دواتر.

لە مانگی رەمەزاندا بەهۆی ئەنجامدانی نوێژی تەراویح، موسڵمانە فەلەستینییەکان لە مزگەوتی ئەقسا کۆدەبنەوە،زۆر جاریش کۆبوونەوەکانیان بۆ خۆپیشاندان و گوتنەوەی هوتاف دژ بە ئیسرائیل دەگۆڕێت و ئیسرائیلیش بە هێزە چەکدارەکانی کۆنترۆڵی بارودۆخەکە دەکات.

ئیسرائیل فەلەستینییەکان بە بەکارهێنانی چەک تۆمەتبار دەکات؛حەماس و جیهادی ئیسلامی بە هاندانی خەڵک و گەیاندنی چەک بەدەستی فەلەستینییەکانی نێو مزگەوتەکە تۆمەتبار دەکات.

زۆر جاریش ئیسرائیل،وەک خۆی دەڵێت،ناچار دەبێت دەرگەی مزگەوتەکە بە رووی فەلەستینییەکان دابخات و هەندێک جار دەرگەکان بۆ کاتێكی دیاریکراو و بۆ کەسانی سەرووی تەمەن ۵۰ ساڵان دەکاتەوە و رێگری لە کەسانی خوار ئەو تەمەنە دەکات،کە ئیسرائیل بە ” ئاژاوەگێڕ” و ئەندامانی حەماس و جیهادی ئیسلامی ناویان دەبات.

تۆر وێنێسلاند،نێردەی ئاشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوای لە بەرپرسانی فەلەستینی و ئیسرائیلی کرد،دەمودەست بارودۆخەک هێوربکەنەوە و رێگە لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان بگرن.

لای خۆشیەوە،واشنتن نیگەرانیی خۆی لە رووداوەکە راگەیاند،نێد پرایس،گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هەردوولا کرد،دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەر هەراسانکارییەک بەدووربگرن.

مه هاباد/بالویز/۱۴۰۱/۰۱۲۹-۰۷:۰۳:۵۹/خبر ۳۲۷۸/کدخبر۱۵۸۷۲/د