جیهان

شەڕی رووسیا و ئۆکراینا هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی جیهان دەکات

رووسیا و ئۆکراینا نزیکەی 30٪ـی گەنم و جۆی جیهان هەناردە دەکەن.

مه هاباد/بالویز/شەڕی رووسیا و ئۆکراینا پێی ناوەتە ۱۷مین رۆژییەوە، ئەوەش ئاسایشی خۆراکی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە.

شەڕ جووتیارانی ئۆکراینای ناچارکردووە دەستبەرداری کێڵگەکانیان بن،ئەوە سەرباری داخرانی بەندەرەکانیان کە هەناردەی گەنمیان لێوە دەکرێت.

رووسیاش کە هێزێکی کشتووکاڵییە، نیگەرانی هەیە هەناردەی گەنمەکەی بکەوێتە بەر سزاکانی رۆژئاوا.

“لەمڕۆدا،نزیکەی ۳۰٪ـی گەنم لەو دوو وڵاتەوە دێت. نزیکەی ۸۰٪ـی زەیتی گوڵەبەڕۆژەش هەر لەو دوو وڵاتەوەیە. بۆیە کاریگەریی ئەم قەیرانە جیهانییە”.

هێشتا هەناردەی گەنم پەکی نەکەوتووە، بەڵام نرخەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی پێوانەیی.

ئەنجومەنی دانەوێڵەی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە ئەگەری درێژەکێشانی شەڕ، ئەو وڵاتانەی گەنمی ئۆکراینا بە هەرزان هاوردە دەکەن لە مانگی تەمموزەوە لەوانەیە تووشی کورتهێنان ببنەوە، چونکە ئۆکراینا پێنجەم گەورەترین هەناردەکاری گەنمی جیهانە.

دەکرێت جەنگی ئۆکراینا ناسەقامگیریی خۆراک لە لوبنان و میسڕیش درووست بکات و نرخی نان گران بکات.

ئەحمەد حوتەیت، سەرۆکی سەندیکای هاوردەکارانی گەنمی جیهان باس لەوە دەکات، “لوبنان نزیکەی ۸۰٪ـی گەنمەکەی لە ئۆکرایناوە هاوردە دەکات.

لوبنان ساڵان شەش هەزار و ۲۰۰ تاوەکو شەش هەزار و ۳۰۰ تۆن گەنم بەکاردەبات”.

لە ئەوروپاش، زیادبوونی تێچوونی خۆراکی ئاژەڵ بەواتای گرانبوونی گۆشت و بەرهەمی شیرەمەنی دێت، لە ساڵی ۲۰۱۹ـدا ئۆکراینا ۱۵ ملیۆن و ۵۰۰ هەزار تۆن دانەوێڵەی هەناردەی ئەوروپا کردووە.

لە ساڵی ۲۰۲۱ـیشدا، بە بەهای ۲٫۶ ملیاری دۆلار گەنمی ئۆکراینای هاوردە کردووە.

بەپێی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، رووسیا و ئۆکراینا نزیکەی ۳۰٪ـی گەنم و جۆی جیهان هەناردە دەکەن.

ئۆکراینا پێنجەم گەورەترین هەناردەکاری گەنمی جیهانە و ۱۰٪ـی گەنمی جیهان هەناردە دەکات.

مه هاباد/بالویز/۰۹:۴۵:۲۰-۱۴۰۰/۱۲/۲۰/خبر ۳۲۳۶/کد خبر ۱۵۶۸۸/ج