لە هەورامان

رێوڕەسمی پیرشالیار لە هەورامان بەڕێوەچوو

ئەو رەوایەتە مێژوویەکی دیاری نییە و هەندێک کەس بە 700 ساڵ پێش و هەندێکی دیکە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەری دەگێڕنەوە.

مه هاباد/بالویز/لە هەورامان رێوڕەسمی پیرشالیار بەڕێوەدەچێت کە گرنگترین رێوڕەسمی ئایینی- کولتووریی هەورامانە و ساڵانە لە یەکەم چوارشەممەی نیوەی دووەمی، دووەم مانگی زستان دەستپێدەکات.

رێوڕەسمی پیرشالیار چەند قۆناخێکی هەیە، یەکەم قۆناخ خەبەرکردنی خەڵکە بە دابەشکردنی گوێزی باخی پیر و ئەمساڵ پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو ۲۷/۰۱/۲۰۲۲ بەڕێوەچوو.

قۆناخی سەرەکیی رێوڕەسمەکەش رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەیە کە رێوڕەسمی وەک کڵاورۆچنێ، کۆتەکۆتێ، قوربانی، دەف و زیکر و هەڵپەڕکێ بەڕێوەچوون و شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینیش، رێوڕەسمی نیشت بەڕێوەدەچێت کە نوێنەرانی ناوچە و بنەماڵەکانی هەورامان لە ماڵی پیر کۆدەبنەوە.

هەینیی هەفتەی داهاتووش رێوڕەسمی تربێ بەڕێوەدەچێت کە دابەشکردنی جۆرە کولێرەیەکی تایبەتە و دەبردرێتە سەر مەزاری پیر لالۆ لە هەورامان و لەوێ لەگەڵ ماست دەدرێتە هاونیشتمانییان.

بەوەش رێوڕەسمی پیرشالیار کۆتایی دێت.

پیرشالیار ناوی پیرێکی ناوچەی هەورامان بووە کە خەڵکی ناوچەکە بە کەسایەتییەکی گرینگ و خاوەن کەرامەتی دەزانن.

بەپێی ئەفسانەکانی ئەو ناوچەیە پیرشالیار توانیویەتی بەهۆی کەرامەتییەوە، کچی پاشای بوخارا چارەسەر بکات کە دکتۆرەکان نەیانتوانیوە چارەسەری بکەن، پاشای بوخاراش لە بەرامبەر ئەو کارەیدا کچەکەی پێداوە.

رێوڕەسمەکانی ئێستای پیرشالیاریش دەبەسترێتەوە بە رووداوی زەماوەندی پیرشالیار و کچی شای بوخارا.

ئەو رەوایەتە مێژوویەکی دیاری نییە و هەندێک کەس بە ۷۰۰ ساڵ پێش و هەندێکی دیکە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەری دەگێڕنەوە.

مه هاباد/ بالویز/ ۱۴۰۰/۱۱/۱۶- ۰۷:۰۵:۱۲/خبر ۳۱۶۹/کد خبر ۱۵۲۹۷/ ش

رحیم بایزیدی
تازه ترین نوشته های رحیم بایزیدی (دیدن همه)