ئەڵمانیا:

۷۲مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەڕێوەدەچێت

تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن ئامادەبن کە ژەمە ڤاکسینی تەواویان دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە،

مه هاباد/بالویز/مانگی داهاتوو ۷۲مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەڕێوەدەچێت.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووان بە ئۆمیکرۆن ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا، بەڵام رێکخەرانی ۷۲مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، سوورن لەسەر ئەوەی فیستیڤاڵەکە دوانەخەن و لە کاتی خۆیدا بە شێوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبچێت

کارگێری فیستیڤاڵەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، مانگی داهاتوو ۷۲مین خولی فیستیڤاڵەکە بەشێوەی ئاسایی خۆی سازدەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێوشوێنی تووندی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرنەبەر.

لە خولی ئەمساڵدا تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن ئامادەبن کە ژەمە ڤاکسینی تەواویان دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە، یاخود ئەوانەی تووشبوونە و بەم دواییە چاکبوونەتەوە، لە هەمانکاتتدا پشکنین بۆ بەشداربووان دەکرێت و دەمامک دابین دەکرێت.

هەر بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن، تەنیا ۵۰٪ شوێنی دانیشتن بۆ بینینی فیلمە لە سینەماکاندا بەکاردێن و تەواوی ئاهەنگ و ئاهەنگەکانی پێشوازیکردن لە فیستیڤاڵدا هەوڵوەشاونەتەوە.

۷۲مین فیستیڤاڵی نیودەوڵەتیی فیلمی بەرلین کە بە یەکێک لە گرنگترین فیستیڤاڵە سینەماییەکان لە جیهاندا دەناسرێت، لە ۱۰-۲۲ شوباتی داهاتوو لە بەرلینی ئەڵمانی بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئاژانسی دی پی ئەی ئەڵمانی ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە خەڵاتەکانی فیستیڤاڵ لە ۱۶ مانگ دابەشدەکرێن.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بە بەرلینالە دەناسرێت، یەکەم خولی لە ۱۹۵۱ لە بەرلین لە ئەڵمانیا سازکراوە و ساڵانە لە مانگی شوبات سازدەکرێت.

خەڵاتی ورچی زیڕین و زیوین دەبەخشێت کە هێمایەکە بۆ شاری بەرلین، هەروەها خەڵاتی کامێرای بەرلینالە بەو کەسانە دەبەخشرێت کە خزمەتی فیستیڤاڵەکەیان کردووە.

مه هاباد/بالویز/۱۴۰۰/۱۱/۰۲- ۰۶:۲۳:۱۵/ خبر ۳۱۳۸/ کد خبر ۱۵۱۳۹/ ش