سەرۆکی وڵاتی کازاخستان

لە سەرتاسەری کازاخستان باری نائاسایی راگەیێندرا

خۆپێشاندانەکانی دژی گرانبوونی گاز ی شل

مه هاباد/ بالویز/بەهۆی بەردەوامی خۆپێشاندانەکان لە دژی گرانبوونی نرخی گاز، کە گرژی لێکەوتەوە، لە سەرتاسەری کازاخستان باری نائاسایی راگەیێندرا، هێڵەکانی ئینەرنێت و پەیوەندی وەستێنران.

سەرۆکی ئەو وڵاتە دەڵێت خۆپێشاندەران “هێرشی گەورە”یان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان و بەڵێندەدات وەڵامێکی تووندیان بداتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاش داوا لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکەن دان بە خۆیاندا بگرن و گرژییەکان کەمبکەنەوە.

میدیای کازاخستان بڵاویکردەوە، هەزاران خۆپێشاندەر لە بەردەم شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی وڵاتەکەیان لە شاری ئەلماتی کۆبوونەوە و هەوڵیاندا بە زۆر بچنە ژوورەوە.

  هەروەها لە نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەو شارەش رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە روویدا.

 خۆپێشاندانەکانی دژی گرانبوونی گاز لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە رۆژئاوای کازاخستان دەستیانپێکرد.

دوای ئەوەی خۆپێشاندانەکان بەرفراوان بوون و شارەکانی ئەلماتی و نور سوڵتانی پایتەختیشی گرتەوە، حکومەتی ئەو وڵاتە دەستی لە کارکێشایەوە.

وێڕای دەستلەکارکێشانەوە، هەموو وەزیرەکان لە پۆستەکانیاندا دەمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی کابینەیێکی نوێ رادەگەیێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کە چی بەسەر نرخی غاز و ناڕازییەکاندا دێت.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، نرخەکانی گازی شل کە بۆ ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل لە کازاخستان بەکاردەهێنرێت، دوو هێندە زیادکراوە، ئەوەش بەهۆی وازهێنانی حکومەت لە کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان.

مه هاباد/ بالویز/ ۱۴۰۰/۱۰/۱۷ – ۰۹:۳۵:۱۰ / خبر ۳۱۰۸ / کد خبر ۱۵۰۰۰/ ج