رێکخراوی تەندروستیی جیهان:

ئۆمیکرۆن لە گۆڕاوەکانی دیکەی کۆرۆنا تووندتر نین

پێکوتەکان توانای وەستاندنی کۆرۆنای ئۆمیکرۆنیان هەیە.

مه هاباد /بالویز/بەرپرسی بارودۆخە لەناکاوەکان لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی دەڵێت،”هیچ هۆکارێك نییە وامان لێبکات گومان بخەینە سەر تواناکانی پێکوتەکانی دژە کۆرۆنا لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن”.

مایکڵ راین، بەرپرسی بارودۆخە لەناکاوەکان لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ئەو پێکوتانەی توانای وەستانیان لە بەرامبەر زنجیرە جیاوازەکانی کۆرۆنا هەیە، هەمان توانایان لە بەرامبەر گۆڕاوی ئۆمیکرۆندا هەیە و هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە ئۆمیکرۆن دەبێتەهۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکی تووندتر و سەختتر لەوەی کە زنجیرەی گۆڕاوی دەلتا دروستی دەکات.

راین گوتی: “پێکوتەی چالاکمان دژ بە سەرجەم گۆڕاوەکان هەن و هیچ هۆکارێک نییە وامان لێبکات بیر لەوە بکەینەوە ئەو پێکوتانە توانای وەستانیان دژ بە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن نییە. رەفتار و جووڵەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی مەترسیدار نانوێنێت بەڵکو بە پێچەوانەوە لە هەندێ شوێنی جیهان وەک خودی ئەفریقای باشوور کە تێیدا ئۆمیکرۆن دۆزرایەوە، تووشبووانی ئەو گۆڕاوە نیشانەی سووکتری نەخۆشییان پێوەدیاربوو بە بەراورد بە تووشبووانی گۆڕاوەکانی دیکەی کۆرۆنا”.

ئەنتۆنیۆ فاوچی،بەرپرسی تیمی راوێژکارانی پزیشکیی ئەمریکا رایگەیاند،دەستنیشانکردنی بەهێزیی و مەترسیی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن چەند هەفتەیەکی پێویستە، بەڵام ئاماژە سەرەتاییەکان تاوەکو ئێستا ئەوەیان دەرخستووە ئۆمیکرۆن لە گۆڕاوەکانی دیکەی کۆرۆنا تووندتر نین، تەنانەت لەوانەیە سووکتریش بن.

بەڵام ئەو بەرپرسەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوەشی نەشاردەوە کە دە‌بێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی تایبەت بە ئۆمیکرۆن بکرێت، چونکە بەگوتەی ئەو، گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە ۲۴-۱۱-۲۰۲۱ دۆزراوەتەوە و هێشتا زووە بە تەواوەتی هەموو شتێك لەبارەیەوە بزانین.

مه هاباد/ بالویز/۱۴۰۰/۰۹/۱۹ -۱۰:۳۱:۳۸/ خبر ۳۰۵۰/ کد خبر ۱۴۷۴۴ / ج