سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکەی دەڵێت

زانایان گورچیلەی بەرازیان بۆ جەستەی کەسێکی مردوو چاند

پزیشکانیش دەڵێن ئەگەر چاندنی ئەندامی بەراز بۆ مرۆڤ سەرکەوتوو بێت، کێشەی دەستنەکەوتنی گورچیلە چارەسەر دەبێت. 

مه هاباد/باڵوێز/زانایان لە ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی گورچیلەی بەرازیان بۆ جەستەی کەسێکی مردوو چاند و گورچیلەکەش کاری خۆی دەکات.

ئەمەش وەک پزیشکان باسی دەکەن دەبێتە دەستپێکی “سەرکەوتنێکی گەورەی پزیشکی” لە چاندنی ئەندامی گیانەوەران بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤ. 

بەڵام پزیشکان رووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوە، ئەویش ئەوەیە جۆرە شەکرێک لە خانەی بەرازدا هەیە، کە جەستەی مرۆڤ پێی نامۆیە و دەبێتە هۆی ئەوەی لەشی مرۆڤ ئەندامی بەراز رەتبکاتەوە  و دژە تەنی بۆ دروستبکات، بەڵام گورچیلەکە بۆ ئەم تاقیکردنەوەیە لە گیانەوەرێکەوە هێنراوە کە جیناتی دەستکاریکراوە و ئەو جۆرە شەکرە لاوازکراوە بەشێوەیەک نەبێتە ئامانجی هێرشی سیستەمی بەرگریی لەش.
نەشتەرگەرییەکە بەمشێوەیە کراوە؛ پزیشکان گورچیلەی بەرازەکەیان بە یەکێک لە خوێنبەرەکانی لەشی مرۆڤەوە بەستووەتەوە، بەڵام لە دەرەوەی لەشی مرۆڤەکەیان هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن چاودێری کارکردن و بەرەوپێشچوونەکانی گورچیلەکە بکەن. تاقیکردنەوەکەش دوو رۆژی خایاندووە.
لە دوای بەستنی گورچیلەی بەرازەکە بە لەشی مرۆڤەکەوە، هەروەکو گورچیلەیەکی ئاسایی مرۆڤ کاری خۆی کرد؛ پاشەڕۆی جیاکردەوە، میزی بەرهەمهێنا و هیچ کاردانەوەیەکی نەرێنیی لەسەر لەشی مرۆڤەکە جێنەهێشت. زانایان ئەمەیان وەکو سەرکەوتنێکی زانستی ناوبرد.
دکتۆر “رۆبەرت مۆنتگۆمێری” کە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا لە ناوەندی تەندروستیی لانگۆن لە نیویۆڕک سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکەی کرد دەڵێت: “ئێمە توێژینەوەکەمان لە ماوەی ۵۴ کاژێردا کرد، گورچیلەکە بەتەواوی کاری خۆی کرد، هەروەک چۆن گورچیلەی مرۆڤێک کاردەکات”. 
هاوکات، ئەو جەستەیەی تاقیکردنەوەکەی لەسەر کرا، جەستەی ژنێکی مردوو بوو، کە ئامێری هەناسەدانی دەستکردی بۆ دانرابوو، بۆ ئەوەی تاقیکرنەوەکەی لەسەر بکرێت، هەڵبەتە ئەمەش بە رەزامەندیی خێزانەکەی کراوە، خۆیشی پێش ئەوەی بمرێت حەزیکردووە ئەندامەکانی جەستەی ببەخشێتە ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێی هەیە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێش سێ ساڵ، دکتۆر مۆنتگۆمێری خۆی نەشتەرگەریی چاندنی دڵی بۆ کرا، کە لەلایەن نەخۆشێکی تووشبووی هەوکردنی جگەرەوە پێی بەخشرابوو. ئەو دەڵێت: “من یەکێک بووم لەو کەسانەی لە بەشی نەشتەرگەری خەوێنرابووم، چاوەڕێم دەکرد و نەمدەزانی ئاخۆ ئەو دڵەی بۆم دەچێنن لە کاتی خۆیدا پێم دەگات یان نا”.  
بەگوێرەی ئاماری تەندروستیی ئەمریکا، زیاتر لە ۹۰ هەزار کەس لەو وڵاتە چاوەڕێ دەکەن گورچیلەیێکیان دەستبکەوێت و بیچێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە رۆژانە ۱۲ کەس بەهۆی نەبوونی چانسی چاندنی گورچیلەیان گیان لەدەستدەدەن. پزیشکانیش دەڵێن ئەگەر چاندنی ئەندامی بەراز بۆ مرۆڤ سەرکەوتوو بێت، کێشەی دەستنەکەوتنی گورچیلە چارەسەر دەبێت. 
مه هاباد / باڵوێز / ۱۴۰۰/۰۷/۳۰ -۰۸:۱۰:۲۵ / خبر ۲۹۵۵ / کد خبر ۱۴۲۹۶/ ج
رحیم بایزیدی
تازه ترین نوشته های رحیم بایزیدی (دیدن همه)