چل و نۆهەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی ،حه سه ن زیرەک.

مه هاباد/  باڵوێز /  ٤٩ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای پایەبەرز، حەسەن_زیرەک تێدەپەڕێ. مامۆستایەکی تۆخی گۆرانی و هەڵبەستی کوردی کە لە درێژایی تەمەنی ٥١ ساڵیدا، پتر لە ١٥٠٠ گۆرانیی خوێند و تۆمار کرد. بە ئەژمار، ئەم ڕێژەیە ئەوەندە مەزن و بەرچاوە کە ڕەنگە لە مێژوودا دووپات بوونەوەی تۆمارێکی تری وا، ئاستەم بێت. بایەخی هونەریی بەرهەمەکانی زیرەکی […]

چل و نۆهەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی ،حه سه ن زیرەک.

مه هاباد/  باڵوێز /  ٤٩ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای پایەبەرز، حەسەن_زیرەک تێدەپەڕێ.

مامۆستایەکی تۆخی گۆرانی و هەڵبەستی کوردی کە لە درێژایی تەمەنی ٥١ ساڵیدا، پتر لە ١٥٠٠ گۆرانیی خوێند و تۆمار کرد.

بە ئەژمار، ئەم ڕێژەیە ئەوەندە مەزن و بەرچاوە کە ڕەنگە لە مێژوودا دووپات بوونەوەی تۆمارێکی تری وا، ئاستەم بێت.
بایەخی هونەریی بەرهەمەکانی زیرەکی نەمر، تەنیا لە زۆریی گۆرانییەکانی دا خۆی ناگرێتەوە، بەڵکوو لە چەند ڕەهەندەوە دەکرێ بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. بۆ وێنە:
١- ستایلی گۆرانییەکان و جۆری ئاهەنگ و ئاوازەکان کە زۆربەیان پڕن لە داهێنانی هونەری و مۆدێلاسیۆن کە بێگومان بەس شارەزایانی زانستی مووسیقی، توانای ئافراندنی بەرهەمی وا بە قووەتیان هەیە کە دوو نموونەی تۆخی ئەم ڕەهەندە، گۆرانی «وەک قومری سەر باڵم شینە» و «شاییە دەگەڕێ» یە.
٢- تۆماری دەنگیی گۆرانییەکان لە باشترین ستۆدیۆکانی ئەو سەردەمەی «ئێران»و «عێراق»، «سنە»، «کرماشان»، «بەغدا»، «تاران» و «ورمێ» کە نموومەی زەقی ئەمانە بەرهەمەکانی ڕادیۆ تاران و کرماشانە.
٣- کاری هاوبەش لەگەڵ ژەنیار و کەڵە هونەرمەندەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و عەربی عێراقی و تارانی پێتەختی ئێران، وەک مامۆستایان حەسەن کامکار ، حەسەن یوسف زەمانی، موجته‌با میرزادەی مەزن، ئەنوەر قەرەداخی، موشیر هومایون شارەدار، ئەسەدوڵڵا مەلیک، مورتەزا مەحجووبی و …
٤- تۆمار و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگێکی وشەی زۆر پاراوی زمانی کوردیی سۆرانی و هەروەها جوگرافیا و ناوی ئەو باژێڕ و گوندانەی کە لە ڕێی گۆرانییەکانییەوە، زۆربەمان فێری بووین و نەمر کران.
بۆ منی نووسەری ئەم دەقە، مامز و چاو خەزاڵ و ئەوک و زمزیران و دوکان و … م لە حەسەن زیرەک بیستووە و فێریان بووم.
٥- تێپەڕاندنی سنووری گوێگرەکانی هەر لە موکریانەوە تا ئەردەڵان، بابان و بارزان، جزیر و بۆتان، قامیشلوو و عەفرین، هەورامان و ئیلامی فەیلی و کەلهۆڕی کرماشان کە بێگومان هونەرمەندێکی کوردی تری وامان نییە کە پانتایی هونەرەکەی هەموو کوردستان بتەنێتەوە.
٦-… گەر بمەوێ زیاتر ئەم ڕەهەندگەلە شی وەکەم، نە من دەرەقەتی دێم و نە لە قەبارەی دەقێکی وا کورت دا جێی ئەبێتەوە و بێگومان هەڵگری توێژینەوەگەلێکی چڕی زانستییە و بە دەیان وتار و نووسراوەی لێ دەر دەچێت.

گەرچی زیرەک، خەڵکی بۆکان بووە و لەوێش نێژراوە، بەڵام قەت نامرێ و هەموو ڕۆژ و شەوان، چریکەی دەنگی لە ناڵەشکێنەوە دەگاتە کەرکووک و عەفرین و ئیلام و هەندەران.

دڵنیاین ڕۆحی بەرزی شادە و یادی هەمیشە هەرمان دەمێنێتەوە.

مه هاباد/باڵوێز /۱۴۰۰/۰۴/۰۷ -۰۹:۵۳:۴۵ / خبر ۲۷۱۰/ کد خبر ۱۲۷۴۲ / د